{{{{{{{{ www.besnwr.com }}}}}}}}

 

خوشکێک براکه‌ی خۆی به‌ سووتان یا

ئەگەر كەسێك خۆی بسووتێنێت چۆن لەجێگەی خۆی ناجوڵێت، قەت لەو باوەڕەدا نیم ئەحمەد بەدەستی خۆی، خۆی سووتاندبێت" ئەوە گومانی ئەو شوفێرە بوو كە ئێمەی گەیاندە ماڵی ئەحمەد.
محەممەدی 2 ساڵان، كە كوڕە بچووكەكەی ئەحمەدە لەو رۆژەی باوكی لە رووداوێكی تەمومژاویدا سووتاوە، وەك ئەوەی چاوەڕێی گەڕانەوەی باوكی بكات لەبەر دەرگا دەوەستێت، هەر كاتێكیش چاوی بەكەسێكی نەنەسیاو بكەوێت دەقیژێنێت و بە پەلە رادەكاتە ژوورەوە. پوری محەممەد بە گریانەوە گوتی "لەو رۆژەی باوكی مردووە ئەو منداڵە وەزعی تێكچووە، هەركەسێكی بێگانە ببینێت دەقیژێنێ
رۆژی 27/1/2009 لە گەڕەكی سەكرانی قەزای چۆمان، ئەحمەد مستەفا، 55 ساڵ، خاوەنی 5 منداڵ، بەدووری 30 مەتر لەماڵەكەی سووتا. هەرچەندە بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ئەو پیاوە خۆی خۆی سووتاندووە، بەڵام كەسوكاری بە گومانەوە دەڕواننە ئەو رایە و گومانیان لە رووداوەكە هەیە .
ملازم حەمید بابەكر، بەڕێوەبەری پۆلسی چۆمان بەوەكالەت، بە پشت بەستن بە دوا ئەنجامی پشكنینی توێكاری كە بۆ تەرمی ئەحمەد لە دادپزیشكی هەولێر ئەنجامدراوە، بەدووری زانی كەسێكی دیكە لەپشت رووداوەكەوە هەبێ. ملازم حەمید گوتی "ئەنجامی پشكنینی توێكاریمان بۆ هاتووەتەوەو بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بۆ ئەوە نەكراوە كە زەبری دەرەكی لەسەر لاشەی ئەو كەسە هەبووبێ پێش سووتانەكە و، دەركەوتووە رێژەی سووتانەكەی %98 بووە
گومانی كەسوكاری ئەحمەد تەنیا ئەوە نییە كە كەسێك ئەحمەدی سووتاندبێت، بەڵكو ئاماژە بەوە دەدەن، كە ئەگەر ئەحمەد بەدەستی خۆشی خۆی سووتاندبێ، ئەوا هۆكارەكەی ئەو كێشە كۆمەڵایەتییەیە كە پێشتر ئەحمەد تووشی هاتبوو.
عەبدوڵڵا ئەحمەد مستەفا، 23 ساڵ، كە كوڕە گەورەی ئەحمەدە، بەر لەوەی باسی كێشە كۆمەڵاتییەكە بكات، باسی رۆژی رووداوەكەی كرد و گوتی "كاژێر 8:15 دایكم بانگیكردم گوتی بڕۆ بزانە باوكت لە كوێیە، چووبوو ئالیك بداتە ئاژەڵەكان، چوومە خوارەوە لەوێ نەبوو، دوایی چووم بۆ سەر كانی، تەنیا چەرخ و پاكەت و جلیكانێكی نەوتم بینی، دوایی تەرمی باوكمم بینی بە سووتاوی لەنێو كەندێك كەوتبوو". ئەحمەدیش، هەر ئەوكات دەستبەجێ ئاسایشی شارەكە و دواییش پۆلیس لە رووداوەكە ئاگادار دەكاتەوە
عەبدوڵڵا باسی لەو كێشە كۆمەڵایەتییەش كرد كە بەهۆكاری سەرەكی رووداوەكەی دەزانێت "كوڕێك بەناوی (ر) كە پۆلیس بوو، زۆر دۆستمان بوو، هاتووچۆی ماڵی ئێمەی دەكرد، ئێمەش زۆر رێزمان دەگرت، بەڵام ئەو كەسە ئەو رێزلێنانەی ئێمەی ئیستغلال كرد و دەستی لەگەڵ (ق)ی پورم تێكەڵ كرد و پەیوەندی نا شەرعی لەگەڵ بەستبوو". هەروەها عەبدوڵڵا گوتی "باوكم لەگەڵ (ر) زۆر باشبوو، چەندینجار گۆشت و ماست و پەنیرمان بۆ بردووە، زۆر خزمەتمان دەكرد، بەڵام ئەو ناپاكی لەگەڵ كردین و ئەتكی نامووسی كردین
كەس بەو پەیوەندییەی نێوان (ر) و (ق) نازانێت، تاوەكو ئەو رۆژەی ئاشكرا دەبێ كە (ق) سكی هەیە، بۆیە (ر) بیر لەهەڵگرتنی (ق) دەكاتەوە. عەبدوڵڵا دەڵێت "ساڵی رابردوو پورم لەماڵ بزر بوو، دوای گەڕانێكی زۆر نەمانتوانی هیچ سۆراخێكی بزانین، تەنانەت ئەو چەند سەر ئاژەڵەی هەمانبوو فرۆشتمان بۆ گەڕان و سوڕان بەدوای پورەكەمدا، بەڵام نەماندۆزییەوە
وەك عەبدوڵڵا باسیكرد، دوای ماوەیەك لە ونبوونی، ئاسایشی چۆمان هەواڵ دەدەنە ئەحمەد كە خوشكەكەی لەسەنتەری نەوایە، كاتێك ئەحمەد دەیەوێ خوشكەكەی لەسەنتەری نەوا وەربگرێتەوە، كارمەندەكانی سەنتەرەكە پێی رادەگەیەنن كە خوشكەكەی نەخۆشە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بۆیە داوای پارەی لێدەكەن، بەڵام ئەحمەد رازی نابێت یەك دیناریان بداتێ تاوەكو پیشكنینی پزیشكی پێنیشان نەدەن، كە بیسەلمێنێ خوشكەكەی نەخۆشە
عەبدوڵڵا دەڵێت " باوكم لەگەڵ ئەوەدا نەبوو كە كێشەكە گەورە بێ، هەرچەندە چوونە دەرەوەی كچ بە تەنیا ئابڕو چوونە، بەڵام باوكم دەیوست وا لەخەڵك بگەیێنێ كە خوشكەكەی هەڵنەگیراوە بەڵكو نەخۆش بووەو هانای بۆ سەنتەری نەوا بردووە".
دوای ئەوەی سۆراخی (ق) ئاشكرا بوو، بەشێوەیەكی یاسایی لەدادگای چۆمان لە (ر) مارە دەكرێ، هەروەها لەسەر داواكاری بنەماڵەی ئەحمەد، (ر) چۆمان جێدەهێلێت و دەچێتە سۆران
سەبارەت بە سوڵحی نێوانیشیان، عەبدوڵڵا گوتی "بنەماڵەی هەردوولامان كۆبووینەوە بۆ سوڵحكردن، باوكم دەیگووت حەز ناكەم كێشەكە لەوە گەورەتر بێت، داوای 20 هەزار دۆلاری لێكردن، بەڵام ئەوان گوتیان ئەوە زۆرە، دوایی باوكم داوای 10 هەزار دۆلاری لێكردن، دیسان گوتیان زۆرە، پاشان باوكم گوتی یەكێك لە كچەكانتان لەكوڕەكانی من مارە بكەن، بەوەش رازینەبوون، باوكم چەندین داواكاری خستنە بەردەمیان بەهیچ رازینەبوون، گوتیان دوایی وەڵامتان دەدینەوە
وەك عەبدوڵڵا باسیكرد ئەو شەوەی ئەوان دانیشتوون بۆ سوڵحكردن و نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك، باوكی باری دەروونی زۆر تێكچووەو دووجار ویستویەتی خۆی بكوژێت. هەروەها عەبدوڵڵا گوتی باوكم چەند جارێك پەنای بردووەتە بەر دادگای چۆمان بۆ ئەوەی كێشەكەی لە رێگەی یاساوە چارەسەر بكات "بەڵام دادگا داواكارییەكەی باوكمی پشتگوێخست
(رووداو) هەوڵیدا پەیوەندی بەدادوەری دادگای چۆمانەوە بكات، بەڵام گوتی بەبیانووی سەرقاڵی بە كاروباری دادگاوە ئامادەی لێدوان نەبوو.
خەدیجە حەمەدی خێزانی ئەحمەد، لەگەڵ گێڕانەوەی رووداوەكە لە لایەن كوڕەكەیەوە ناوەناوە ئاخێكی ساردی هەڵدەكێشاو بە دەستەسڕە سپیەكەی دەستی فرمێسەكەكانی دەسڕییەوە. ئەو بە گومانەوە لە گیان لەدەستدانی مێردەكەی دەڕوانێت و دەڵێت "خەڵك رێگەیان نەدا بیبینم، بەڵام باسیدەكەن ئەو كاتەی ئەحمەد سووتاوە هەردوو دەستی لەسەر یەك داناوە
هەروەها حەبیبە حەمەدیش كە خوشكی خێزانی ئەحمەدە گومانی لە رووداوەكە هەیە و دەڵێت "ئەحمەد تا درەنگانی شەو لای من بوو، زۆر بە كەیف بوو، تەنانەت پێیگوتم بەیانی كە لە دەوام گەڕایتەوە وەرە لام كارم پێتە، باشە ئەو كە بەرنامەی هەبوو من ببینێت، چۆن بەرنامەی خۆ كوشتنی داناوە
ئەحمەد بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لەژیان كرد، (ق)ی خوشكیشی دوای ئەوەی نەیتوانی لەگەڵ خێزانی (ر) بە یەكەوە بژین، چەندین جار لەگەڵ مێردەكەی بە كێشە هاتن، دواجار پەنای بۆ پۆلیس بردو پۆلیسیش جارێكی دیكە بردییەوە سەنتەری نەوا

 

 

[ save ]
ئه‌م لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵگره‌
ئه‌م لاپه‌ڕه‌ چاپ بکه‌
1.1.2009
www.besnwr.com * email : besnwr@yahoo.com * tel: 00447853818846
Copyright © besnwr.com all raghit reserved for besnwr.com
1.1.2009
www.besnwr.com
سه‌رجه‌م مافی هه‌موو بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ بێ سنوور
www.besnwr.com
Free Web Hosting