{{{{{{{{ www.besnwr.com }}}}}}}}

 

ناسر رەزازی لەبەدبەختی خۆمە گۆرانی هەڵپەڕكێیان لێم دەوێت


ناسری رەزازی هونەرمەند تیشكی خستە سەر دوایین ئەلبومی گۆرانی خۆی، هەروەها بازاڕی هونەری گۆرانی لەكوردستان، سەرەتا دەربارەی ناوەرۆكی ئەلبومی گۆرانییەكەی گوتی "ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی كاری ئامادەسازی ئەلبومێكی گۆرانییم، كە خۆی گرتبوو لە (10) تراكی گۆرانی، بەڵام دوای ئەوەی هاتمە سەر ئەوەی بڵاوی بكەمەوە، گوتیان : ئەلبومی گۆرانیەكەت گۆرانی هەڵپەركێی تێدا نییە، پێویستە چەند گۆرانیەكی هەڵپەركێ بخەیتە ناو گۆرانیەكانت چونكە ئێستا جەماوەر و گوێگری گۆرانی كوردی زیاتر حەز بە گۆرانی هەڵپەركێ دەكەن، بۆیە ئێستاكە خەریكم لەگەڵ هونەرمەندی موزیكژەن (سەید ئەحمەد رەواندوزی) دوو گۆرانی هەڵپەڕكێ تۆمار بكەین بۆ سیدیەكەم، ئاخر فەرموو سەیری ئەو بەدبەختیە بكەن گۆرانی كوردی تێی كەوتووە، ئەگەر گۆرانیبێژێك ئەلبومێك بڵاوبكاتەوە دەبێ چەند تراكێك گۆرانی هەڵپەڕكێ بخاتە ناو ئەلبومی گۆرانییەكەی
رەزازی دەربارەی چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی ئەلبومە تازەكەی روونی كردەوەو گوتی "ئەو سیدیەم دوای ئەوەی هاتمە سەر ئەوەی لەگەڵ كۆمپانیاكی هونەری بڵاوی بكەمەوە، من نزیكەی (000 50) هەزار دۆلارم تێدا خەرج كرد، بەڵام هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نەبوو نیوەی پارەی تێچوونی سیدیەكەم بۆ بگەڕێنێتەوە، دیارە لەوەشدا ناحەقیان ناگرم، چونكە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسایەكی دەرنەكردووە، بۆ نەهێشتنی دیاردەی كۆپی كردنی بەرهەمی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ، بۆیە كۆمپانیاكان ناوێرن كاربكەن، چونكە دەزانن زەرەر دەكەن، ئێستاكە كاك (عیرفان زەنگەنە) بەڕێوەبەری كۆمپانیای چوار چرا، لوتفی كردووە لەگەڵم ئەلبومەكەم بۆ چاپ بكات و بڵاوی بكاتەوە، من لێرەدا سوپاسی رۆڵی ئەو بەڕێزە دەكەم كە دەمێكە ئەو كارە دەكات و تا ئێستاش جگە لەزەرەر كۆمپانیای چوار چرا هیچی دیكەی پێ نەبڕاوە، كە بەڕاستی ئەوە تاوانە دەرحەق بە ئێمە و ئەو كۆمپانیانە دەكرێت
هونەرمەند لە میانەی ئەو دیمانەیەدا باسی لە ئامادەكاری كاری موزیكی گۆرانییەكانی ئەم جارەی كرد،گوتی: "كاری ئامادەكاری گۆرانییەكانم بە شێكی لە توركیا و بەشێكی دیكەی لە سوید و چەند وڵاتێكی دیكە جێ بەجێكراوە، بەڵام كاری دابەشكردنی مۆسیقای گۆرانییەكان لەلایەن موزیكژەنانی كورد ئەنجامدراوە، لەوانە (فاروق باپیر، گۆران كامیل) چەند موزیكژەنێكی دیكە
ناسر هەر لەمیانەی ئەو دیمانەیەدا گوتی "من داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، كارگەیەك یاخوود دەزگایەكی چاپكردنی سیدی و كاسێت بهێننە كوردستان، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانمان بۆ چاپكردنیشی نەچینە دەرەوەی وڵات، با ئەو داهاتەش بۆ وڵاتی خۆمان بێت، نەك بۆ ئەو كارەش ئێمە هەر بچینە دەرەوە و پاشان چاوەڕێ بكەین ئەوە دە رۆژ دواكەوت یان لە بازگەكانی سەر سنوور بەهانەیان لێ دەدۆزنەوە و ئیتر دەبێ خەفەتی لێ بخوێین
ناسری رەزازی لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەدا باسی لە بەرهەم هێنانی ئەلبومێكی دیكەی كرد دوای ئەو ئەلبومە و گوتی "دوای بڵاو بوونەوەی سیدیەی ئێستام بەنیازم ئەلبومێكی دیكەی گۆرانی بەرهەم بهێنم بۆ ناوچەكانی (ئیلام و كرماشان و لۆرستان تا دەگاتە بەختیاری) كە پێی دەگوترێت،باشووری كوردستانی گەورە، كە بەپێویستی دەزانم كارێكی لەو جۆرە بۆ جەماوەری هونەری كوردی بكەم لە بەشەكانی دیكەی كوردستان، هەروەها دوای ئەو كارەش لە بەرنامەم دایە ئەلبومێكی گۆرانی (رۆمانسی) بەرهەم بهێنم، كە تائێستا لە ناو گۆرانی كوردیی دا زۆر بەكەمی كاری بۆ كراوە
ناسری هونەرمەند لە كۆتایی دیمانەكەدا گوتی "لەو ئەلبومەی كە ئێستا بەرهەمم هێناوە چەند گۆرانییەكم بۆ مەرگی هونەرمەند (مەرزییە فەریقی) خێزانم گوتووە، كە پێم وایە مەرگی مەرزیە برینێكە وا زوو سارێژ نابێت لەلای من

 

 

[ save ]
ئه‌م لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵگره‌
ئه‌م لاپه‌ڕه‌ چاپ بکه‌
1.1.2009
www.besnwr.com * email : besnwr@yahoo.com * tel: 00447853818846
Copyright © besnwr.com all raghit reserved for besnwr.com
1.1.2009
www.besnwr.com
سه‌رجه‌م مافی هه‌موو بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ بێ سنوور
www.besnwr.com
Free Web Hosting